Ezekiel 18

ئەو گیانەی گوناه بکات، ئەو دەمرێت

1فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم: 2«بۆچی ئەم پەندە بەسەر خاکی ئیسرائیلدا هەڵدەدەن و دەڵێن:

«”باوکان بەرسیلەیان خوارد،
ددانی منداڵەکان ئاڵ دەبنەوە“؟
3«یەزدانی باڵادەست دەفەرموێت: بە گیانی خۆم، ئیتر بۆتان نابێت ئەم پەندە لە ئیسرائیلدا بهێننەوە و بڵێن، 4چونکە هەموو گیانێک هی منە، گیانی باوک وەک گیانی منداڵ، هەردووکیان هی منن. ئەو کەسەی گوناه بکات، هەر ئەو کەسە دەمرێت.

5«گریمان ئەگەر پیاوێکی ڕاستودروست هەبێت و
دادوەری و ڕاستودروستی بکات:
6لە نزرگەی سەر چیاکان نەخوات و
چاوی بۆ بتەکانی بنەماڵەی ئیسرائیل هەڵنەبڕێت؛
ژنی کەسێکی دیکە گڵاو نەکات و
لەگەڵ ئافرەت جووت نەبێت لە ڕۆژانی خوێنلێچوونی؛
7ستەم لە کەس نەکات،
بەڵکو بارمتەی قەرزدار بگەڕێنێتەوە؛
ماڵی کەس زەوت نەکات،
بەڵکو نانی خۆی بداتە برسی و
جل بکاتە بەر ڕووت؛
8پارە بە سوو نەدات و
نرخی شتومەک گران نەکات؛
دەستی لە ستەمکاری بگێڕێتەوە و
لەنێوان مرۆڤ و مرۆڤدا دڵسۆزانە دادوەری بکات.
9فەرزەکانم پەیڕەو بکات و
بە ڕەوایی حوکمەکانم بەجێبهێنێت.
ئەوا ئەو پیاوە ڕاستودروستە،
بێگومان دەژیێت.»
ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.
10«گریمان ئەگەر کوڕێکی هەبێت، توندوتیژی یان خوێنڕێژی بکات، یان یەکێکی دیکە لەم کارانەی 11کە باوکی نەیکردووە:

«لە نزرگەی سەر چیاکان بخوات،
ژنی کەسێکی دیکە گڵاو بکات،
12ستەم لە هەژار و نەدار بکات،
شتی خەڵکی زەوت بکات،
قەرز نەداتەوە،
چاوی بۆ بتەکان هەڵببڕێت،
کاری قێزەون ئەنجام بدات،
13پارە بە سوو بدات و نرخی شتومەک گران بکات.
ئایا دەژیێت؟ ناژیێت! لەبەر ئەوەی هەموو ئەم کارە قێزەونانەی کردووە، بێگومان دەکوژرێت، خوێنی لە ملی خۆی دەبێت.

14«بەڵام گریمان ئەگەر ئەو کوڕەش کوڕێکی بوو و هەموو گوناهەکانی باوکی بینی کە کردی و وەک ئەوی نەکرد:

15«لە نزرگەی سەر چیاکان نەخوات،
چاوی بۆ بتەکانی بنەماڵەی ئیسرائیل هەڵنەبڕێت،
ژنی کەسێکی دیکە گڵاو نەکات،
16ستەم لە کەس نەکات،
داوای بارمتە نەکات و
هیچ شتێک زەوت نەکات،
بەڵکو نانی خۆی بداتە برسی و
جل بکاتە بەر ڕووت،
17دەستی لە ستەمکاری بگێڕێتەوە،
سوو وەرنەگرێت و نرخی شتومەک گران نەکات،
بەڵکو حوکمەکانم بەجێبهێنێت و فەرزەکانم پەیڕەو بکات.
ئەو بە تاوانی باوکی نامرێت، بێگومان دەژیێت.
18بەڵام باوکی لەبەر ئەوەی ستەمی کردووە و ماڵی براکەی زەوت کردووە و ئەوەی باش نییە لەنێو گەلەکەی کردوویەتی، ئەو بە تاوانی خۆی دەمرێت.

19«ئێوە دەڵێن:”بۆچی کوڕ تاوانی باوکی هەڵناگرێت؟“کە کوڕ ڕاستودروستی و دادپەروەری ئەنجام داوە، هەموو فەرزەکانی منی بەجێهێناوە و کاری پێ کردووە، لەبەر ئەوە بێگومان دەژیێت. 20ئەو کەسەی گوناه دەکات، هەر ئەو کەسە دەمرێت. کوڕ تاوانی باوکی هەڵناگرێت و باوکیش تاوانی کوڕەکەی هەڵناگرێت. کەسی ڕاستودروست ڕاستییەکەی بۆ خۆیەتی و کەسی خراپەکاریش خراپەکەی بۆ خۆیەتی.

21«بەڵام ئەگەر خراپەکار لە هەموو گوناهەکانی کە کردوویەتی گەڕایەوە، هەموو فەرزەکانی منی بەجێهێنا و دادوەری و ڕاستودروستی ئەنجام دا، بێگومان دەژیێت و نامرێت. 22هەموو یاخیبوونەکانی کە کردوویەتی باس ناکرێن، بەو کردارە ڕاستودروستانەی کە کردوویەتی دەژیێت. 23یەزدانی باڵادەست دەفەرموێت: ئایا من بە مردنی خراپەکار دڵخۆش دەبم؟ ئایا شادمان نیم کە لە ڕەفتارەکانی بگەڕێتەوە و بژیێت؟

24«لەگەڵ ئەوەشدا، ئەگەر مرۆڤی ڕاستودروستیش لە ڕاستودروستییەکەی گەڕایەوە و تاوان ئەنجام بدات و وەک هەموو کردەوە قێزەونەکانی خراپەکار بکات، ئایا دەژیێت؟ هەموو ئەو کردارە ڕاستودروستانەی کە کردوویەتی باس ناکرێن. بەو ناپاکییەی کە کردوویەتی و بەو گوناهەی کە ئەنجامی داوە دەمرێت.

25«ئێوەش دەڵێن:”ڕێگای پەروەردگار دادپەروەرانە نییە.“ئێستا ئەی بنەماڵەی ئیسرائیل، گوێ بگرن: ئایا ڕێگای من دادپەروەرانە نییە؟ یان ڕێگاکانی ئێوە دادپەروەرانە نین؟ 26ئەگەر کەسی ڕاستودروست لە ڕاستودروستییەکەی خۆی بگەڕێتەوە و تاوان ئەنجام بدات، ئەوا بەهۆیەوە دەمرێت، بەهۆی ئەو تاوانەی کە ئەنجامی داوە دەمرێت. 27بەڵام ئەگەر خراپەکار لە خراپەکەی کە کردوویەتی بگەڕێتەوە، دادوەری و ڕاستودروستی ئەنجام بدات، ئەوا ژیانی خۆی دەپارێزێت. 28لەبەر ئەوەی هەموو یاخیبوونەکانی خۆی کە کردبووی بینی و لێیان گەڕایەوە، ئەوا بێگومان دەژیێت و نامرێت. 29بنەماڵەی ئیسرائیلیش دەڵێن:”ڕێگای پەروەردگار دادپەروەرانە نییە.“ئەی بنەماڵەی ئیسرائیل، ئایا ڕێگاکانی من دادپەروەرانە نین؟ یان ڕێگاکانی ئێوە دادپەروەرانە نین؟

30«لەبەر ئەوە یەزدانی باڵادەست دەفەرموێت: ئەی بنەماڵەی ئیسرائیل، دادگاییتان دەکەم، هەریەکەتان بەگوێرەی ڕەفتاری خۆی. تۆبە بکەن و لە هەموو یاخیبوونەکانتان بگەڕێنەوە و تاوان نابێت بە کۆسپ لە ڕێگاتان. 31هەموو یاخیبوونەکانتان کە پێی یاخیبوون فڕێبدەن، دڵێکی تازە و ڕۆحێکی تازە بۆ خۆتان بەدەستبهێنن. ئەی بنەماڵەی ئیسرائیل، بۆچی بمرن؟ 32چونکە من بە مردنی هیچ کەسێک دڵخۆش نابم، جا تۆبە بکەن و بژین! ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.

Copyright information for CkbKSS